دڵگیر ڕواندزی، شاعیرێکی ون, یاسین برایم

0

لەم نووسینە، گەڕان و پشکنین بەدوای کەسایەتییێکی ونی ڕواندز دەکەین؛ لەسەدی بیستەم، دەستی لە نووسین هەبووە، شیعری نووسیوە، دەبێ ئەم شاعیرە کێ بێت؟ لە گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە(۹_١٠)، ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ١٩٤٢. شیعرێکی ناسک و جوانی بەناوی (دایک و کوڕ)ی تێدایە، نێزیکەی(٨٢) ساڵ بەر لە ئێستا. دەمەتەقێی نێوان دایک و  منداڵێکی کوڕی کوردە. وێنەیێکی جوانی کوردانەی تێدایە، شیعرەکە، پێنج دێرە و دە بڕگەیە. وشەی کوردی پەتییە و دوور لەوشەی بێگانە. پرسیارەکەی من ئەوەیە، دەبێ ئەو شاعیرە ڕواندزییە، کێ بێت بەو ناوە جوانە. دەبێ باپیری کام لە ئێمە بێت و لەوسەردەمە بەو زمانە پاراوە، ئەو شیعرەی نووسیوە، دەبێ چەندان شیعری دێ هەبووبێت. ڕەنگە تەمەنی بۆ سەرەتایی سەدەی بیستەم بگەڕێتەوە. پێدەچێت تا ساڵی پەنجاکان و شەستەکان ژیابێت.  لە تەنیش ناوەکەی خوشی، بەغدا نووسراوە، ئایا لەو شارە ژیاوە و فەرمانبەربووە، یان شیعرەکەی لەوێ نووسیوە.  بێگومان ناوی (عەلی، عەبدوڵڵا، عەبدولڕەحمان، عەبدولقادر…هتد. هەر ناوێکی دی بە پیتی (ع) دەستی پێکردبێت. دوای بەدواداچوون و پشکنینێکی وردی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، پێش ئەم ساڵە و تا ساڵی١٩٥٨ چ بەرهەمێکی ئەو شاعیرە نابینین. بەڵام وەنەبێ بێهیوابین، سەرە داوێکمان لەدەستە، لەئایندە لەگەڵ چەند شاعیرێ دیکەی ڕواندز، دەیانناسینم. من لەم نووسینە، دەمەوێت لە ڕێگەی خوێنەران و ڕۆشنبیرانی ڕواندز، زانیاری ڕاست و تەواوم دەستکەوێت. ڕاوبۆچوونی خۆم پشتڕاست بکەمەوە. بۆیە ئێوەی خوێنەرش، دەبنە تەواوکەری ئەم نووسینە. یاسین برایم

 دایک و کوڕ

دایک : بۆچی خەوت نایە ڕۆڵەی شیرینم

شەوگار درەنگە، سەرکە سەرینم

کوڕ :   تۆ چی ئەزانی داخم لە دڵایە

شەو خەوم نایە، بێ لایلایە

دایک: ڕۆڵەم تێر شیری ئاخر بۆچی ئەگری

خوا بە منی داوی، کەی تۆ پێ ئەگری

کوڕ: لەشەو بێزارم دەردی گرانە

چاوەڕێی ڕۆژم، ڕۆژ هی کوردانە

دایک: مژدە بێ ڕۆڵە وا باز گەردانە

 تۆش وەک براکەت، هەسته مەردانە

ع. ش(دڵگیر ڕواندزی)، بەغدا .

ت.شیعرەکەم بە ڕێنووسی ئێستا نووسیوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: ببورە بابەتەکە پارێزراوە