مه‌حموود ئه‌حمه‌د ڕۆشنبیرێكی گه‌وره و چیڕۆكنووسێكی سه‌رگه‌ردان
مێژووی میلله‌تی ئێمه زه‌نگینه، پڕه له مرۆڤی مه‌زن، یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه بوێر و چالاك و خه‌مخۆری خه‌بات و خزمه‌تكردنی كورد؛ له بواری ڕۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌ش، ڕۆڵی كارای هه‌بووه؛ وه‌لێ وه‌ك پێویست ئاوڕ له ماندووبوون و كار و به‌رهه‌می نه‌دراوه‌ته‌وه‌و چووه‌ته خانه‌ی په‌راوێزخستن و له‌بیركردن. ئه‌ویش ڕۆشه‌نبیر و چیڕۆكنووسی كورد (مه‌حموود ئه‌حمه‌د عه‌زیز)ه. مه‌حموودی شه‌نگه حه‌مه‌دی ڕواندزی، به ئازاد یان به مه‌حموودی ئازادی ناسراوه و له ناو خه‌ڵك و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان و كتێبه‌كان و نووسینی به‌و ناوه بڵاوكردۆته‌وه. ناوه‌كه‌شی له‌وه هاتووه دامه‌زرێنه‌ری (كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی كورد) بوو، هه‌روه‌ها كتێبخانه‌ی ئازادی له سلێمانی كردۆته‌وه، له‌هه‌مانكاتیش وه‌ك ناوێكی كوردی بۆخۆی هه‌ڵبژاردووه. ده‌توانین بڵێین یه‌كه‌م چیڕۆكنووسی قه‌زای ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌یه.
محموود له 1917 له ڕواندز له دایكبووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی له ڕواندز و خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بازرگانی له ئێواران له سلێمانی ته‌واو كردووه. له 1936 خانه‌ی مامۆستایانی له به‌غدا ته‌واو كردووه. له 1937 كراوه به مامۆستای قوتابخانه‌ی خالیدیه، له‌وێوه بۆ ماوه‌ت و ئینجا بۆ قوتابخانه‌ی شارباژێرو دیسانه‌وه بۆ قوتابخانه‌ی خالیدیه. له 1941-1942 له‌سه‌ر كوردایه‌تی ده‌رده‌كرێت و 1942 خراوه‌ته سه‌ر كار‌و له قوتابخانه‌ی گوێژه، به‌ڵام حكومه‌ت له بواری وه‌زیفیدا، گواستویانه‌ته‌وه كه‌ركووك و له‌وێوه بۆ شه‌قڵاوه‌و دواتریش بۆ دیوانیه‌و جارێكی دی بۆ سلێمانی و دواتر جافه‌ران. به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی بووه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی مه‌عاریفی سلێمانی. له1944 له‌سه‌ر ویستی خۆی كاره‌كه‌ی جێهێشتووه. له 1949 به‌پێی فه‌رمانێكی وه‌زاری بۆ ماوه‌ی (5) ساڵ ده‌ركراوه و هه‌رهه‌مان ساڵ به‌پێی فه‌رمانێكی تری وه‌زاری به ته‌واوی (عزل) كراوه. له 1956 فه‌رمانه وه‌زاره‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و سه‌ر له‌نوێ خراوه‌ته‌وه كار‌و كراوه به (ئه‌مین مه‌كته‌به)؛ به‌ڵام ئه‌و له خه‌باتی بێوچانی خۆی نه‌كه‌وتووه و هه‌میشه له ڕێزی پێشه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان بووه و به‌شداری ئه‌و چالاكیانه‌ی كردووه، دژی ڕژێمی پاشایه‌تی له عێراق و كوردستان ئه‌نجامی داوه. دواجاریش كه گیراوه بۆ ماوه‌ی چوارساڵ ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی ڕومادی كراوه. دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر كاری خۆی و كراوه‌ته تێبینه‌ری به‌شی خۆیه‌تی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی مه‌عاریفی سلێمانی. له 1959 به‌شداری میهره‌جانی لاوانی له نه‌مسا كردووه، هه‌مان ساڵ ئه‌ندامێكی چوستی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می مامۆستایانی كوردبووه له شه‌قڵاوه(1).
ئه‌ندامی وه‌فدی (ئه‌نساری عێراقی) بووه، له‌گه‌ڵ عه‌زیز شه‌ریف. له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیفی حه‌فید (1917سلێمانی _ 1972 به‌غدا)، به‌شداری كۆماری كوردستان له مه‌هابادی كردووه و له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان زیندانی ده‌كرێن و له پاش شۆڕشی گه‌لاوێژی 1958 ئازاد ده‌كرێن(2).
“باوكم زۆر براده‌ری شێخ مه‌حموودی بووه و ڕاوێژكاری بووه زۆر كێشه‌ی گه‌وره‌ی عه‌شائیری ناوچه‌كه، باوكم چاره‌سه‌ری ده‌كردن. ئێمه ماڵمان چوویته داریكه‌لی له‌وێ ژیاوین، دوای دروستبوونی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه بووه، كاری خۆی به‌جێدێڵی و ده‌روات. له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیف به‌شداری كۆماره‌كه ده‌كه‌ن و ڕۆڵێكی چالاك ده‌گێڕن، له‌وێش خزمانی خۆی، ماڵی سلێمان به‌گی ده‌رگه‌ڵه‌یی و زراری سڵیمان به‌گ (1927 ڕواندز_20/5/2018 سۆران)ی ده‌دۆزیته‌وه؛ كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا هاتبوونه مه‌هابادو دواتر ئه‌وان چوون بۆ ڕووسیا، دوای ڕووخانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سلێمانی، له‌لایه‌ن حكومه‌ت ده‌گیرێن؛ تا ڕووخانی پاشایه‌تی و دواتر ئازاد ده‌كرێن. پاشی ده‌یگه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌یگوازنه‌وه به‌غدا و له كتێبخانه‌ی گشتیی به‌غدا دایده‌نێن(3).
ئه‌گه‌ر سه‌یری ژیانی ئه‌و پیاوه بكه‌ین هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زوو، ده‌چێته نێو سیاسه‌ت و خه‌می نه‌ته‌وه و كورد له كۆڵ ده‌نێت و تێكه‌ڵ به كاری ڕێكخراوه‌یی ده‌بێت “له ساڵی 1935 مامۆستا مه‌حموود ئه‌حمه‌د كۆمه‌ڵێكی سیاسیی نهێنیی بچووك به ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی كورد)ی پێكهێنا. ژماره‌یه‌ك له قوتابییانی ناوه‌ندی سلێمانی به‌شداریان تێدا كرد، وه‌كوو نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها، نوری شاوێس، حوسێنی شێخ مارف به‌رزنجی، نوری ئیسماعیل، شێخ مسته‌فای گوڵان، حوسێنی بازیانی و چه‌ندانی تر، كۆمه‌ڵه‌كه به چه‌ند كارێكی هونه‌ری هه‌ڵسا و بیروبۆچوونی له ده‌وروبه‌ری كوردایه‌تیی و ئازادی وڵات و ژیانی پێشكه‌وتووخوازیی یه‌كسانیی و مۆدێرن ده‌خوولایه‌وه، بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و یه‌كگرتنه‌وه‌ی گشت پارچه‌كانی تێده‌كۆشا(4).
ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی نزیكی شێخ مه‌حموود و شێخ له‌تیف كوڕی، ئاگادار له جموجۆڵ و بارودۆخی ئه‌وكاته‌ی سلێمانی و ناوچه‌كه، جارێكی دیكه ڕۆڵێكی كار ده‌گێرێت له كۆمه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و شاره. “له كۆتایی ساڵی 1937 و سه‌ره‌تای 1938دا كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تر به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی له‌ژێر ئامۆژگاری شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود له سلێمانی بنیات نرا. ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تییه ناسراو و خوێنده‌واره‌كانی شاره‌كه به‌شداریان تێدا كرد، وه‌ك سه‌دیق شاوێس، دكتۆر نوری فه‌توحی، شاعیر مه‌حوی، مه‌حموود ئه‌حمه‌د، موحه‌ڕه‌م محه‌مه‌دئه‌مین و ساڵح ئه‌حمه‌د، جموجۆڵی كۆمه‌ڵه‌كه له سنووری سلێمانی تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، ئامانجی كۆمه‌ڵه‌كه ڕزگاركردنی كوردستان بوو و تا ساڵی 1943 و په‌یوه‌ندی و ناو و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه به‌رده‌وام بوو(5).
ئه‌و هه‌ڵگری بیری چه‌پ بووه، له‌م پێناوه‌ش قوربانی زۆری داوه، ناوێكی دیاری سه‌رده‌می خۆی بووه و كه‌سێك بووه له به‌ره‌ی هه‌ژار و جوتیار و چه‌وساوه‌كان بووه و بۆ ماف و ئازادی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵگه تێكۆشاوه و خه‌باتی كردووه. (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا 1937_2021)، له‌باره‌ی ئه‌م پیاوه، له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر مامۆستا و نووسینه‌كانی ده‌ڵێت: “ئه‌و كه‌سێكی ڕۆشنبیر بوو، مامۆستایه‌كی كوردپه‌روه‌ر و بوێر بوو، زۆر حه‌زی له كوردایه‌تی ده‌كرد، ماندوونه‌ناس بوو، بیروباوه‌ڕی چه‌پی هه‌بوو، له خانه‌واده‌ی ئێمه بوو، كه‌و‌تبووه سلێمانی، زۆر ده‌هاته ماڵی شێخ سلێمانی مامم، ئه‌وانیش شیوعی بوون، ده‌شمزانی شت ده‌نووسێ له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، ئه‌وكات من هیچی ئه‌وم نه‌خوێندبۆیه‌وه، ده‌مزانی كه‌سێكی چه‌په و شاره‌زای زۆری هه‌یه له ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تی ڕووسی و كوڕێكی به ناوی چێڕۆكنووس (مه‌كسیم گوركی) كردبوو*ناوی (گوركی) ئه‌وه‌ی ڕۆمانی دایكی نووسیوه؛ ئه‌و به‌خۆی بۆ ئێمه باس كرد. زۆربه‌ی شاعیران و كه‌سایه‌تییه‌كانی كوردی ده‌ناسی براده‌ری گۆرانی شاعیر بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش پێكه‌وه له زیندان بوون، له بنه‌ماڵه‌ی شیخ مه‌حموود زۆر نزیك و خۆشه‌ویست بوو، له‌سه‌ر كوردایه‌تی له‌و شار بۆ ئه‌و شار ده‌یانگواسته‌وه‌و له‌و زیندان بۆ ئه‌و زیندان، ده‌گیرا و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دا، ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بوو، زۆر گه‌نج بوو، وه‌كی مرد، پیاویكی ڕێكپۆش و به‌شكۆ و گه‌وره بوو، زۆر قسه‌خۆش و نوكته‌چی بوو….(6).”
كاك محموود، خوێنده‌وارێكی سه‌رده‌میی خۆی بوو، پارتی و شیوعی هه‌وڵیان ده‌دا و بێته ناو حیزبی ئه‌وان و كاربكات، به‌ڵام نه‌یكردووه و زیاتر له شیوعیه‌كان نزیك بووه، مرۆڤێكی زۆرباش بووه و به‌داخه‌وه من نه‌مبینووه، باوكم** زۆر كاریگه‌ری ئه‌وی له‌سه‌ر بوو، ئێستاش خه‌ڵك زۆربه‌جوانی باسی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیفی حه‌فید زۆر هاوڕی بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌ویش گیرابوو(7).
(هه‌ژار موكریانی) ئه‌وها باسی ئایدۆلۆژیای ئه‌و پیاوه ده‌كات” مه‌حموود به عاقیده چه‌پ بوو؛ به‌ڵام له حزبی كۆمه‌نیست و پارتیدا ئه‌ندام نه‌بوو، هه‌ردووك لاش خۆشیان ده‌ویست. زۆر دڵاوابوو( .
.
 .
.مامۆستا مه‌حموود، په‌روه‌رده‌كارێكی ناسراو و خۆشه‌ویست بووه، كوردیزانێكی باش و زمانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی به باشی زانییوه و خزمه‌تی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنی كردووه و له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته بوێره‌كانی، به‌رده‌وام له‌كاره‌كه‌ی دوور ده‌خرایه‌وه و ده‌یانگواسته‌وه بۆ شاره دوووره‌كان. د. جه‌مال نه‌به‌ز (1933_2018) له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی، كه باس له ژیانی منداڵێ و په‌روه‌رده‌و فێركردن له سلێمانی ده‌كات؛ له پێشه‌نگی ئه‌و مامۆستایانه ناوی ئه‌و ده‌هێنێت و ده‌ڵێت “مامۆستای زمانی كوردی و وه‌رزش بوو، ساڵانێك دوای ئه‌وه چه‌ند چیڕۆكێكی بڵاوكرده‌وه وه‌ك گوڵاڵه (سلێمانی 1947) و جوان (سلێمانی 1960) كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌رو ناسیاوی باوكم و دۆستی شێخ مه‌حموودی حه‌فیدبوو، ماوه‌یه‌ك باوكم ڕایگرت بۆم له ماڵه‌وه وانه‌م پێبڵێ، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كی كورت له پڕ ون بوو، له ته‌مه‌نی (44) ساڵییدا كۆچیدوایكرد ڕه‌وانی شاد بێ.(9)”
هه‌ژار، له ناسینی ئه‌و پیاوه وا باسیكردووه، كاتێ دێته سلێمانی ئاشنای ئه‌و مامۆستا ناسراوه، ده‌بێت “شێخ له‌تیفیش هه‌ر به‌ناوه‌كه‌م خۆشی ده‌ویستم، له ماڵی ئه‌و دامه‌زرام، له‌وێشه‌وه چه‌ند كه‌سێكی وه‌ك (ڕه‌فیق چالاك) و (محموود ئه‌حمه‌د)ی موعه‌لیمم و زۆر كه‌سی دیم بوونه ئاشنا (10).”
هه‌ژار موكریانی، زۆر كاریگه‌ری به‌و مامۆستایه ده‌بێت و له سلێمانی و به‌غدا، ئاگایان له ژیان و گوزه‌رانی یه‌ك بووه و یه‌كتریان زۆر خۆشویستووه. وه‌ك كه‌سێكی چالاك و دڵسۆز، باسی ده‌كات” مه‌حموود ئه‌حمه‌د: مامۆستا و هه‌مه‌كاره‌ی شێخ له‌تیف و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حموود بوو، له لایه‌ن شێخ له‌تیفه‌وه ناردرابووه باكۆیه؛ هاتبووه سابلاغ، ده‌گه‌ڵ حه‌مه حوسێن خان قسه‌ی تێك گیرا بوو، ده‌ركرابوو. هاتبۆوه سلێمانی و گیرابوو. دایكی شێخ له‌تیف (ئایشه‌خان) چووبووه تكایه، كه به‌ری ده‌ن و سوێندی خواردبوو، كه مه‌حموود له عێراق ده‌رنه‌كه‌وتووه و له‌سه‌ر موڵكی ئێمه بووه. ئه‌ستاندار گوتبووی: خانم فه‌رمایشتت له‌سه‌ر سه‌ران، به‌ڵام مه‌حموود دوو شاهدی وا عادڵی ده‌گه‌ڵ خۆی هێناوه كه ڕه‌د ناكرێته‌وه.
_ ئه‌یڕۆ شایه‌تی چی؟ به‌خوا درۆ ده‌كه‌ن.
جووتێك چه‌كمه‌ی لبادی فشوفۆڵی ساڵداتی ڕووسان و كڵاوێكی كه‌وڵه به‌رفی به ئه‌ستێره‌ی سووره‌وه هێنابووه به‌رده‌می كه :بابه! ئه‌گه‌ر ئه‌وه نیشانه‌ی چوونه ڕووسیا نه‌بن له‌كوێ ده‌ست ده‌كه‌ون؟
به‌وحاڵه‌ش به‌ریان دابوو(11)”.
ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی له به‌غداش به‌یه‌كه‌وه ده‌ژن، بیره‌وه‌ری خۆشیان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه و ئه‌و ڕووداو به‌سه‌رهاتانه، لای هه‌ژار جێگه‌ی بایه‌خ بووینه‌وكاریشی بۆ هه‌ژار دۆزیوه‌ته‌وه. “مه‌حموود ئه‌حمه‌دی ئاشناكه‌ی سولێمانیم نه‌قڵ كرابووه به‌غدا له ئیداره‌ی ئامووزش و په‌روه‌رده‌شدا ده‌فته‌رداربوو، وتی: نامه‌یه‌كت بۆ ده‌نووسم بچۆ كووت؛ له‌وێ كارت ده‌ده‌نێ…. دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له كووت و هاتمه‌وه به‌غدا؛ ده‌گه‌ڵ مه‌حموود ئه‌حمه‌د بووه‌مه هاومه‌نزه‌ڵ؛ كه ماوه‌یه‌ك له به‌غدا ماڵ و منداڵی ده‌گه‌ڵ بوو و خه‌رجی ده‌رنه‌بردووه؛ ناردوونیه سلێمانی و ژوورێكی له خانوویێكی هه‌شت ماڵیدا گرتبوو؛ به ته‌نیا ده‌ژیا، مه‌حموود نیوه‌ی ژیانی له زینداندا گوزه‌راندبوو. له په‌رژو بڵاویشدا وه‌كو من كۆڵه‌واربوو…(12)”.
له به‌غدا، هه‌میشه خه‌ریكی گه‌ڕان و كار و چالاكیی سیاسی بووه، وه‌ك چه‌پێكی ناسراو و به‌كرده‌وه پره‌نسیپه‌كانی جێبه‌جی ده‌كرد و قسه و كرده‌وه‌ی یه‌ك بوون و له‌م پێناوه‌ش هه‌میشه گیرفانی بۆ دۆست و هه‌ژاران، به‌تاڵ ده‌كرد و یارمه‌تیی ده‌دان.
هه‌ژار، له باسێكی دیكه‌دا باسی ئه‌و و (حوزنی موكریانی1893 مه‌هاباد_1947 به‌غدا) ده‌كات، مه‌حموود ئه‌حمه‌د، گوتی: “خه‌ریكن بمگرن و حقووقم ببڕن. ده‌گه‌ڵم وه‌ره؛ حوزنی ده‌ڵێن تۆی خۆش ده‌وێ. مه‌حموود وه‌ك هه‌موو كوردێكی دیكه جووتێك سمێڵی ستالینی و كراواتێكی سووری نیشانه‌ی كۆمۆنیستی پێوه‌بوو. حوزنی زۆر به‌خێرهاتنی كرد و كه باسه‌كه‌م پێ گوت، گوتی: باشه هه‌رچی له‌ده‌ستم بێ قوسوور ناكه‌م؛ به‌ڵام كاك مه‌حموود تۆ ده‌زانی عه‌ره‌ب عه‌قڵیان له چاو دایه و له مێشكدا نییه. ئه‌گه‌ر ده‌كرێ تۆزێك سمێڵه‌كانت سووك بكه تا بتبه‌مه لای كاربه‌ده‌ستان.
مه‌حموود خۆی لێ تووڕه كرد: جه‌ناب تۆ جاهیلی! نازانی كۆمۆنیست چییه! من فه‌خر ده‌كه‌م به كۆمه‌نیستم بزانن!
حوزنی زۆر به نه‌رمی گوتی: ڕاسته جاهیلم. تۆ ده‌توانی به زمانێكی ساده پێم بڵێی كۆمۆنیستی چی زۆر باشه؟
_ تۆ نازانی له ڕووسیه هه‌موو كه‌س نان و كاری ده‌درێتێ؟
_ كاكه مه‌حموود گیان! خۆ زیندانی به‌غدایش نان و كاری ته‌واویان هه‌یه!
كاری مه‌حموودی هاسان جێبه‌جێ كرد و زۆری مه‌منوونی خۆی كرد(13)”.
یارمه‌تی دانی هه‌ژاران و به‌هاناچوونی دۆست و هاوڕێیه‌كانی خۆی و ده‌ستگرتنی ئافره‌ته لێقه‌وماوه‌كان و هه‌موو ئه‌و ڕه‌وشت و كرده‌وه جوانانه، وای له مه‌حموود كردبوو، لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بێت، نه‌خاسمه ئه‌و كوردانه‌ی له به‌غدا، داوای یارمه‌تی ئه‌ویان ده‌كرد و ئه‌ویش دڵسۆزانه و مرۆڤدۆستانه هاوكاری ده‌كردن. به‌سه‌رهاتی ئافره‌تێكی لێقه‌وماو، ده‌ستی هانا بۆ محموود ئه‌حمه‌د دێنێ و ئه‌ویش ڕزگاری ده‌كات. “ئه‌وده‌م هێشتا ماڵ و ژنی له به‌غدا بووه و بۆ چیڕۆك چۆته ….ه‌خانه، نیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رما، ژنێك خۆی به ماڵا كرد. یه‌ك له‌و ژنانه بوو مه‌حموودی ناسیبوو: كاكه مه‌حموود هه‌ڵاتووم؛ بیكه بۆ خاتری پیاوه‌تیت ڕزگارم كه! هه‌ر ئه‌و ده‌مه ترۆمبیلێكی گرتووه و بردوویه تا قه‌راغ سلێمانی و گه‌ڕاوه‌ته‌وه. پاش چه‌ند مانگێك ڕێگه‌ی كه‌وتۆته شێخه دێیه‌ك، له حه‌ساری ته‌كیه، سۆفیه‌ك پێی گوتووه: وه‌ره دایه خانمی حه‌ره‌می شێخ بانگت ده‌كا. كه ده‌چێ، دایه‌خانم هه‌مان ژنه، خانم شانی ماچ ده‌كا:
_ كاكه مه‌حموود! قه‌ت له منه‌تت ده‌رناچم.
_ دایكم! به غه‌ڵه‌ت چووی؛ به‌خوا نه‌ده‌تناسم، نه ناوم مه‌حمووده، لێت گۆڕاوه.
خانم ده‌گری و ده‌ڵێ: به‌ڕاستی پیاوی…
_ نا، نا خانم! به‌خوداناتناسم، خودا حافیز.
له سۆفی و مۆفیانم پرسی: دایه خانم چۆن ژنێكه؟ ئه‌وه‌نده‌یان تاریفی خێره‌ومه‌ندی و ئیمانداری و به‌زه‌یی گێڕایه‌وه باسی ناكرێ (14)”.
ئه‌وهه‌نده، دڵسۆزی هاوڕێ و هه‌ژاره‌كان، ڕۆشنبیران و قوتابییه‌كانی خۆی بووه، نموونه و چاكه و كاری خۆبه‌خشی و به‌هاناچوونی خه‌ڵك، به ئه‌ركێكی مرۆڤانه و نیشتمانپه‌روه‌ری داناوه، بۆ ئه‌مه‌ش له هیچ شوێنێك كه‌مته‌رخه‌می نه‌نواندووه. به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌وه‌نده زۆرن، مام هه‌ژاریش، نه‌یتوانییوه هه‌مووی تۆمار بكات. فرۆشتنی جلوبه‌رگی خۆی بۆ هه‌ژارێك كه پاره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێنه‌بووه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا، چیڕۆكێكه لای چیڕۆكنووس. “جارێك له‌به‌ر دوكانه‌كه‌م كابرایه‌ك سرته‌ی ده‌گه‌ڵ كرد؛ مه‌حموود ڕۆیشت و زوو هاته‌وه، سێ دیناری دا به كابرا، كابرا ڕۆیشت.
_ مه‌حموود ئه‌و سێ دیناره‌ت له كوێ هێنا؟
_ كاكه ئه‌وه پیاوه گوتی پووڵی سه‌فه‌رم پێ نییه. چوومه هه‌راجه بازاڕ كۆته‌كه‌م بۆ فڕۆشت!. زۆر كاری سه‌یرترم له مه‌حموود دیوه؛ به‌ڵام پێویست ناكا زۆرتری له‌سه‌ر بڕۆم. دوا هاوماڵیم ده‌گه‌ڵ مه‌حموود ڕۆژێك له ڕۆژان خانووه‌كه‌یان تێكداین كه تازه‌ی كه‌نه‌وه، مه‌حموودیش خۆی نه‌قڵ كرده سلێمانی…. (15)”.
ممدوح مزوری، له كتێبی (بنه‌ماڵانی به‌ناوبانگی ڕواندز) له به‌شی (مرۆڤه مه‌زنانی شیعر) ئه‌وها باسی ئه‌و پیاوه ده‌كات و ده‌ڵێت”ئازاد محموود له ساڵی 1917 له شاری ڕواندز له‌دایكبووه، له ساڵی 1961 له ته‌مه‌نی 44 ساڵی له شاری سلێمانی كۆچیدوایی كردووه. ئازاد شاعیره‌كی گه‌وره‌و به هونه‌ر و خاوه‌ن توانایه‌كی فراوان بووه له شیعر، به‌ڵام به په‌رۆشه‌وه شیعره‌كانی زۆر بڵاونه‌بووینه له ناو خه‌ڵك (16)”. به‌ڵام ئاماژه‌ی به هیچ شیعرێك نه‌داوه. هه‌وره‌ها (ساڵح محه‌مه‌د ساڵح) له كتێبی ڕواندز و مێژوو و بیره‌وه‌رییه‌كان، كه هه‌مان قسه‌ی كتێبی سه‌رووی دووباره كردۆته‌وه و به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م شاعیره قسه‌یكردووه “شاعیرێكی زۆر به‌توانا و قسه‌خۆش بووه له ڕووی زانست و زانیاری و هونه‌ری كوردی خاوه‌ن توانایه‌كی گه‌وره بووه، هه‌رچه‌نده هۆنراوه‌كانی نه‌ماون و له شیعروتنه‌وه و نووسین ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه به‌تایبه‌تی له‌ناو براده‌ر و هاوڕێیه‌كانی خۆی. كاك ئازادی شاعیر له ته‌مه‌نی (44) ساڵی و له 1961 زاینی له ڕواندز كۆچی دوای ده‌كات(17)”. ئه‌ویش له ڕووی شیعره‌وه هیچ شیعرێكی بڵاونه‌كردۆته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه له بواری نووسین ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، هه‌روه‌ها باس له مردنی ئازاد ده‌كات، گوایه له ڕواندز مردووه، ڕاستییه‌كه‌ی له سلێمانی مردووه و له گردی سه‌یوان نێژراوه. ده‌ربا‌ره‌ی هه‌بوونی ده‌ستی شیعری، هیچ ده‌قێكی شیعریمان له‌به‌رده‌ست نییه و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانیش به‌رهه‌می ئه‌ومان به‌رچاو نه‌كه‌وتووه، ئێمه پرسیارمان كردووه له برازا‌و كوڕه‌كه‌ی له‌م بابه‌ته‌وه ”ئه‌و شاعیر نه‌بووه و دۆستی شاعیران بووه و ته‌نها چیڕۆكی نووسیوه(18)”. له لایه‌كی دیكه “محموود ئه‌حمه‌د، زۆربه‌ی شاعیر و ڕووناكبیرانی ئه‌وكات، هاوڕێی بوونه، وه‌ك (قانیع، گۆران، شێخ سه‌لام، بێكه‌س و ئه‌وانه، من ئه‌وكان بچووك بووم، هیچ شیعریشی بۆ ئێمه جێنه‌هێشتووه، نه‌مدیووه، هیچی بۆ خێزانه‌كانی باس نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر هه‌شیبووبێت، بڵاوینه‌كردوونه‌ته‌وه، شیعری شاعیرانی زۆر له‌به‌ر بووه، ئه‌وه‌ی من بزانم زیاتر به چیڕۆك خه‌ریبكبووه. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ش به‌جێماوه هه‌ر چیڕۆكه‌كانیه‌تی و خه‌بات و ئازایه‌تی و خزمه‌تی ئه‌و له پێناو میلله‌ته‌كه‌ی خۆی(19)”.
هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌خۆشه‌كانی ئه‌و پیاوه، له سلێمانی ده‌بین زۆر له لای شێخ مه‌حموود و له هه‌مووشت پرس به ئه‌و ده‌كه‌ن، یه‌ك دوو كه‌س ئێره‌یی پێده‌به‌ن، كه خه‌ڵكی سلێمانی نییه، ئه‌و هه‌موو شته‌شی به‌ده‌سته. ده‌چنه لای شێخ مه‌حموودی نه‌مر و پێده‌ڵێن: یا شێخ ئه‌وه‌چییه ئه‌و پیاوه له لای خۆت داناوه كردووته ڕدێنسپی خۆت و ده‌ریبكه‌و با بچیته‌وه ڕواندزێ؟ ئه‌ویش گوێ ده‌گرێت ودوای بۆ كاك محموودی ده‌گێڕێته‌وه و كه هه‌ندێ كه‌س شتی وایان وتووه. ئه‌ویش به بوێری و پێكه‌نینه‌وه، وه‌ڵامی ئه‌وان لای شێخ مه‌حموود ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت، وه‌كی پاشای گه‌وره*** هات به ئاسانی قه‌ڵای قه‌مچووغه‌ی له سه‌ر … ی دایكی وان دروستكرد، ئه‌و براده‌رانه ئه‌و كات له كوێ بوون، بۆ كه‌سه‌ك ئه‌و پیاوه‌تییه‌ی تێدانه‌بوو، ده‌نگ بكات و بڵێت پاشا ئه‌مه هی ئێمه‌یه و بڕۆ لێره. منیش هاتوومه‌ته ماڵه خاڵی خۆم، كه‌ست دیووه له ماڵی خاڵی خۆی ده‌ربكرێ، ئێ باوكم سلێمانی ماڵی خاڵی خۆمه و پیاویشم ده‌وێت قسه‌یه‌كی بكات، با ببێنه به‌رانبه‌رم. ده‌ڵێن شێخ مه‌حموود له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌یه، زۆر پێكه‌نی، وتی: كه‌س به تۆ نه‌وێریت، مه‌حموود، چیتكردووه، هه‌روا بكه، ئێره ماڵی خۆته، پیاویش نییه ده‌ست بۆ پیاوێكی وه‌كوو تۆ باش و ئازا درێژ بكا(20)”.
بوێری و هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌كانی، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌میشه تووشی كێشه و ئازار و گرتن و ئاواره و زیندان كردووه، له خۆپێشاندانه‌كان و داواكردنی مافی خه‌ڵك پێشه‌نگ بووه و ناوی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی جوانتر كردووه. سه‌ری به‌رزی خۆی بۆ مووچه و پۆست و نادادی نه‌وی نه‌كردووه. له‌م به‌سه‌رهاته بوێره‌دا، چۆن له‌به‌رانبه‌ر پارێزگاری سلێمانی ده‌وه‌ستیته‌وه و ڕیسوای ده‌كات.
ئه‌وكاته‌ی عومه‌ر عه‌لی (1910_1974)، پارێزگاری سلێمانی ده‌بێت وتوركمانێكی ڕه‌گه‌زپه‌رست و دوژمنی سه‌رسه‌ختی ڕێكخستنه‌كانی پارتی و شیوعی بوو، له‌م لایه‌نه ڕۆڵی خراپی ده‌گێڕا، له دوای مه‌حموود ئه‌حمه‌د ده‌نێرێت و كاتێ دادگایكردنه‌كه‌یان بانگی ده‌كات، هه‌ندێ ئامۆژگاری ده‌كات و پێیده‌ڵێت “تۆ كه‌سێكی و خوێنده‌وار و ڕۆشنبیری، من ده‌تكه‌م به (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده) واز له شێخ مه‌حموود بێنه. ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌داته‌وه:”شێخ مه‌حموودی حه‌فید هه‌موو كوردستانی داومه‌تێ و داوای شه‌ڕه‌فی لێ نه‌كردووم، تۆ به وه‌زیفه‌یه‌كی بێقیمه‌ت و حیز، داوای شه‌ڕه‌فم لێ ده‌كه‌یت. ئه‌ویش تووڕه ده‌بێت و قسه و جنێوی ناشیرین به شێخ له‌تیف و شێخ مه‌حموود ده‌ڵێت. مه‌حموود ئه‌حمه‌دیش، بێده‌نگ نابێت و قسه‌ی ناشیرنتر به پارێزگار ده‌ڵێت: تۆ به‌رانبه‌ر كوری مه‌لیكی كوردستان دانیشتوویت، ئه‌نجام عومه‌ر عه‌لی، ده‌ڵێ چوار ساڵم حوكم بۆ ئێوه دانابوو، ئه‌وه ده‌یكه‌م به حه‌وت ساڵ، لێیان تووڕه ده‌بێت(21).”
كه‌سیكی كتێبدۆست و خوێنه‌ڕیكی وشیاربووه، هه‌ر زوو له سلێمانی كتێبخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه، كـتێب به خه‌ڵك ده‌دات و هانیان ده‌دات بخوێنه‌وه. له كتێبی (سلێمانی)ی ئه‌كره‌می مه‌حموودی ساڵح له‌و به‌شه‌ی كه باسی كتێبخانه‌كانی سلێمانی ده‌كات و به‌م شێوه‌یه ناوی له سێیه‌مین كه‌س هاتووه، كـتێبخانه‌ی له‌م شاره دانابێ، ده‌ڵێت “كتێبخانه‌ی (ئازادی) به‌ناوی مه‌حموود ئه‌حمه‌د ڕواندزی و محه‌مه‌د خدری شریكی له ساڵی 1940دامه‌زراوه و له جێگه‌ی ئێستای وه‌ستا عه‌لی سه‌عاچی و نزیك دائێره‌ی به‌ریدی كۆن له شه‌قامی مه‌وله‌وی(22)”.
مارف ناسراو (له مێژووی كتێخانه‌كانی سلێمانی 1900_1970) ده‌ڵێت: “ئه‌و كتێبخانه‌یه له‌به‌ر ده‌ركی سه‌رای سلێمانی و سه‌ره‌تای شه‌قامی مه‌وله‌وی به‌رانبه‌ر بازاڕی عه‌سری ئێستا بوو، دوو ئه‌ندامی چست و چالاكی (كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی)یه‌وه دامه‌زرا كه یه‌كێكیان (محموود ئه‌حمه‌د) بوو، دوومیان (محه‌مه‌د خدر كۆیی). به هه‌ردووكیان ئه‌و كتێبخانه‌یان به‌ڕێوه ده‌برد، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌موو كتێبخانه‌كانی سه‌رده‌می خۆی هه‌رچی چاپكراوی بڵاو بكرایته‌وه لای ئه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وت، هه‌موو ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره له‌و كتێبخانه‌یه هه‌بوو، له ساڵی 1945 كه خوالێخۆشبوو محموود ئه‌حمه‌د له لایه‌ن ڕژێمی پاشایه‌تییه‌وه ده‌سگیركرا، ئیتر كتێبخانه‌كه پێچرایه‌وه و نه‌ما. ئه‌وانه‌ی كه هاتوچۆیان ده‌كرد به هه‌میشه‌یی بریتی بوون له ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تیی ناسراوی ئه‌وسای كوردایه‌تی وه‌ك خوالێخۆشبوو، دۆستی دێرینی مه‌حموود ئه‌حمه‌د، خوالێخۆشبوو شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود و محه‌ره‌م محه‌مه‌د ئه‌مینی نووسه‌ر و محه‌مه‌د مسته‌فای پارێزه‌ر و گه‌لێ له ئه‌دیب و منه‌وه‌رانی تر هاموشۆیان ئه‌كرد(23)”. به هۆی چالاكی و جموجۆڵه سیاسییه‌كانی و هاندان و وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، له لایه‌ن حوكمی پاشایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه كتێبخانه‌كه‌ی داده‌خه‌ن و ده‌یگرن. به‌ڵام حه‌زی كتیب وای لێده‌كات، دوای چه‌ند ساڵی دیكه، جارێكی دی دێته‌وه مه‌یدان و مۆڵه‌تی كتێبخانه‌یه‌كی دی وه‌رده‌گرێت و به ناوی خوشكه تاقانه‌كه‌ی خۆی ده‌كات و ناوی ده‌نێت (گه‌لاوێژ) (24). ڕۆشنبیران و خوێنه‌ران و پیاوه ناوداره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له خۆی كۆده‌كاته‌وه. ” كتێبخانه‌ی گه‌لاوێژ له ساڵی 1950 دامه‌زراوه له شه‌قامی مه‌وله‌وی(25)”. به‌ڵام به‌پێی به‌دواچوون ڕه‌نگه ئه‌و كـتێبخانه‌یه چ په‌یوه‌ندی به مه‌حمووده‌وه نه‌بێت و چونكه ئه‌مه له1950 لای كه‌سێكی دیكه‌وه به ناوی (ڕه‌ئووف مه‌عرووف) به‌ڕێوه چووه، هاوسه‌ری گه‌لاویژخان بوو، كه خوشكی ئه‌و بووه(26). پێده‌چێت ئه‌و ڕۆڵی هه‌بێت له كردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبخانه‌یه!
كاتێ مه‌عروف جیاوۆك (1885-13/10/1958) ده‌كرێته پارێزگاری سلێمانی، (1942-1946) پارێزگاری سلێمانی بووه، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی پیرۆزبایكردن، به‌و ناوه‌ی خه‌ڵكی قه‌زای ڕواندز بووه و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌تی، له هه‌مانكات دۆستی كاك مه‌حموود بووه، باسی ڕۆشنبیری و بارودۆخی شاره‌كه ده‌كه‌ن و پێشنیاری ئه‌وه بۆ پارێزگار ده‌كات، خه‌ڵكی سلێمانی پێویستیان به كتێبخانه‌ی گشتیی هه‌یه، خه‌ڵكی ڕۆشنبیرن و حه‌زیان له خوێندن و زانسته. ئه‌ویش پێشنیاری ئه‌و قبووڵ ده‌كات. ده‌ستبه‌جێ هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی گشتیی له‌و شاره ده‌دات. بۆیه له‌سه‌رده‌می مه‌عروف چیاوۆك، ئه‌م كتێبخانه‌یه له (13/11/1944) داده‌مه‌زرێت، ساڵ به ساڵ گه‌شه‌ده‌كات و ده‌بێته ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بۆ ڕۆشنبیرانی شاره‌كه.
مێژووی دروستبوونی كتێبخانه‌ی گشتیی سلێمانی، ئه‌وها ئاماژه به به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و كتێبخانه‌یه ده‌كات. ناوی محموود ئه‌حمه‌د وه‌ك هه‌شته‌مین به‌ڕێوه‌به‌ر ناوی هاتووه(27).
حوسێن عارف، له توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر چیڕۆكی هونه‌ری كوردی، له باسی چیڕۆكنووسانی ساڵی 1950-1960 باس له محموود ده‌كات و تیشكی خستۆته چه‌ند چیڕۆكێك له‌وانه (جوان، مه‌رگی برا، به‌سه‌رهاتی باوك، خه‌زان، جوامێری سالار، باخه‌وان) به وردی باس له ناوه‌ڕۆكی چێڕۆكه‌كانی كردووه و زوڵم و سته‌می ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و جوتیار و چه‌وسانه‌وه و كوشتنی ژنان و دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری ده‌كات(28). هه‌روه‌ها عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی، باسی گرینگی و به‌های چیڕۆكه‌كانی محموود ئه‌حمه‌دی كردووه و ده‌ڵێت: “له ئافره‌تی كۆڵیوه‌ته‌وه و خۆی به‌و مه‌سه‌ڵانه‌وه ماندووكردووه و كه په‌یوه‌نی پێیانه‌وه هه‌یه و له زۆربه‌یاندا قه‌ڵه‌می هه‌ست و لێكدانه‌وه‌ی ڕاگرتووه و له‌سه‌ر تاوانباركردنی ئه‌و ڕژێم و نه‌ریته گومرایانه‌ی كه نرخی مرۆڤایه‌تی تییا نابینرێت و له‌سه‌ر سته‌م نیشانكراوه… (29).
سابیر ڕه‌شیدی چێرۆكنووس له په‌رتووكێكی خۆیدا.  توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر چیڕۆكی كوردی كردووه، زۆر به جوانی باسی ئه‌و چیڕۆكنووسانه‌ی كردووه و ڕۆڵ و پێشه‌نگی ئه‌وه‌یان له چیڕۆكی كوردی به‌رز نرخاندووه. “له نه‌شونماكردنی هونه‌ری چیڕۆكی كوردی (1939_1950) له‌م قۆناغه‌دا چه‌ند چیڕۆكنووسێكی لێهاتوو سه‌ریانھه‌ڵداوه وه‌ك (عه‌لائه‌ددین سه‌جادی، شێخ سه‌لام، مسته‌فا سائیب، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، شاكر فه‌تاح، تاهیر ئه‌حمه‌د حه‌وێزی (دڵسۆز). ئیحسان مسته‌فا، فایه‌ق زێوه‌ر، ڕه‌شید نه‌جیب، حوسێن حوزنی موكریانی، مه‌حموود ئه‌حمه‌د، پیره‌مێرد، فازیل محه‌مه‌د عیرفان، فایه‌ق كاك ئه‌مین، عه‌لی عه‌بدولڵا….(30). له لایه‌كی دیكه‌وه د. عه‌زه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، قسه‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چیڕۆكنووسه كردووه و كاری هونه‌ری ئه‌وی به‌رزی نرخاندووه.
محموود ئه‌حمه‌د، كۆمه‌ڵێك كتێب و چیڕۆكی بڵاو كردوونه‌ته‌وه:
ئاده‌میزاد له سایه‌ی ده‌ره‌به‌گیدا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 1947.
گوڵاڵه، چیڕۆك، وه‌رگێڕان، له‌سه‌ر كتێبه‌كه نووسراوه وه‌رگێڕ،
جوان، چیڕۆكێكی درێژه، چاپی یه‌كه‌م له سلێمانی. چاپخانه‌ی ژین، 1960 له قه‌باره‌ی 64 لاپه‌ڕه‌ی چاپكراوه و ساڵی 1985 بۆ جاری دووه‌م چاپكراوه‌ته‌وه. ئه‌و چیڕۆكه كراوه به فیلم.
ڕۆمانێكی به‌ناوی (كاخی ڕۆژگار) به ده‌ستنووس ماوه‌ته‌وه له ساڵی1980 له لایه‌ن نه‌وه‌كانی دراوه به فریاد زه‌نگه‌نه، به‌ڵام تا ئێستا چاپ نه‌كراوه(31). دوای مردنی چه‌ندین چیڕۆكی دی له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه. “دوو ڕۆمانی هه‌بوو، یه‌كێكیان به‌ناوی (كاخی ڕۆژگار) و ئه‌وی دیكه‌یان (زایه‌ڵه‌ی هه‌له‌كۆك)، كاتی خۆی باوكم ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگرت بوو له بڵاوكراوه‌ی ئه‌وسای حكومه‌تی عێراق، به‌ڵام به‌سه‌ردا مرد، ئێمه‌ش منداڵ بووین، حه‌وت منداڵ، بچوكترینیان چل ڕۆژ و گه‌و‌ره‌كه‌یان سێز‌ده ساڵ، هه‌ژار بووین و ئه‌وكات ئه‌و فامه‌مان ناكرد. لایه‌نی دارایمان خراپبوو، براده‌رێكی باوكم بردیه لای خۆی، گوایه بۆی چاپده‌كات، هه‌رمایه‌وه و بۆی چاپ نه‌كرا، دواتر داوامان لێ‌كرد بمانداته‌وه، دوو دانه‌ی كۆپی بۆ ناردین. له دوای ڕاپه‌ڕین دیسان بارودۆخی ژیان تێكچوو و لایه‌نی دارایی خراپبوو، هه‌رماوه، پاشان دامانه (بنكه‌ی ژین) له سلێمانی بۆی چاپ بكه‌ن. ئه‌وانیش تا ئێستا چاپیان نه‌كردووه و هۆكاره‌كه‌ی نازانم(32)”.
ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین، ده‌بینین له ته‌مه‌نی (30) ساڵی دوو كتێبی له سه‌ر چیڕۆك به‌ناوی (گوڵاڵه، له سایی ده‌ره‌به‌گدا،) ده‌ركردووه، ڕه‌نگه بۆ ئه‌و ته‌مه‌ن و باری دارایی، پاش جه‌نگی دووه‌می جیهان باش نه‌بووبێت و كه‌چی ئه‌و، له‌ته‌مه‌نی بچووك ده‌بێته خاوه‌نی به‌رهه‌می خۆی. هه‌ژار موكریانی، باس له چۆنیه‌تی نووسینی چیڕۆك و وه‌رگرتنی بیرۆكه و ئیلهام. به‌و شێوه‌یه باسی ئه‌م چیڕۆكنووسه ده‌كات. “شه‌وانه جلی كوردی ده‌به‌ر ده‌كرد و ده‌رده‌چوو، ده‌چووه …په‌خانه، یه‌كێكی بانگ ده‌كرد: پووڵه‌كت ده‌ده‌مێ و كارم هه‌رئه‌وه‌نده پێته، بۆم بگێڕه‌وه چۆن گه‌یشتوویه ئێره و سه‌رگوزه‌شته‌ت چییه؟ دواتر ئه‌و چیڕۆكانه‌ی كۆكردنه‌وه و له چاپی دا به‌ناوی (له سایه‌ی ده‌ره‌به‌گیدا) هه‌ر فۆرمه‌یه‌كی ده‌رده‌چوو دووسه‌د دانه‌م پێ ده‌هێناوه ماڵێ، كتێب له چاپ ده‌رچوو، گیراو مه‌حموودیان گرت. پاش بیست ڕۆژ به‌ردرا. كتێب نرخی بیست و پێنج فلس نووسرابوو، كه لاوان بیستیانه‌وه خاوه‌نی گیراوه و نووسراوه و سووتێنراوه، بۆی ده‌گه‌ڕان. هه‌ر نوسخه‌م به دووسه‌د فلس فرۆشت و كه هاته‌ده‌ر، بارێكم پاره بۆ وه سه‌ر یه‌ك نابوو(33)”.
محموودی چیڕۆكنووس، دوای ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته، هێشتا وه‌كوو پێویست ئاوڕ له چیڕۆك و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و نه‌دراوه‌ته‌وه، له‌م پێناوه‌ش ته‌مه‌نی گه‌نجایه‌تی خۆی له ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری شاران و كونجی زیندان به‌سه‌ربردووه، به هه‌ژاری وده‌رده‌سه‌ری ژیانیكی ساده و وه‌لێ سه‌ربه‌رز و پڕ‌شكۆ و هه‌یبه‌ت و ڕه‌وشتی جوان ژیاوه و خزمه‌تی میلله‌ت و چه‌وساوه‌كانی وڵاتی كردووه. به‌قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی، هه‌وڵی وشیاری كۆمه‌ڵگه‌ی داوه و جێپه‌نجه‌ی ئه‌و دیاره، ته‌مه‌نێكی بچووك و گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خه‌بات و كار و چالاكی و ڕۆشنبیری و خزمه‌تی جوانی بۆ نه‌وه‌كانی خۆی جێهێشتووه. له 1961 له ته‌مه‌نی 44 ساڵی به نه‌خۆشی دڵ ده‌مرێت. له دوای خۆی حه‌وت منداڵ به‌ناوه‌كانی (ڕه‌نجه‌ر، هه‌ژار، بێكه‌س، گوركی، په‌روین، نه‌رمین و شه‌رمین) جێدێڵێت.
شێخ له‌تیف حه‌فید بۆ كۆچیدوایی هاوڕێی منداڵی و هه‌میشه‌یی (محموود ئه‌حمه‌د) شیعرێكی بۆكۆچیدوایی ده‌نووسێت و ده‌ڵێت:
له چا‌وا دانراوه ڕه‌سمت، كه‌چی وا دڵ ئه‌ڵێ بۆ من
نزاعیانه وه‌ك ڕۆم و عه‌جه‌م، تۆ یاری كامیانی
ئه‌گه‌ر تۆ نووری دیده‌ی، عه‌رشی دڵ هاوار ده‌كا ئه‌ی من
به‌ڵێ، دڵ عه‌رشی تۆیه و تۆ ڕووناكی نووری چاوانی
به یادی ڕۆحی ((مه‌حمووده))، وه‌فادار و په‌رێشانی(34)
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێز:
سابیر ڕه‌شید، ئه‌نتۆلۆجیای چیڕۆكنووسانی هه‌ولێر،1920_1980، به‌رگی یه‌كه‌م، 2023، ل102_103).
لاوك سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د، مه‌حموود ئه‌حمه‌د، پیاوێك پڕاوپڕ له جوامێری و نیشتمانپه‌روه‌ری، فه‌یسبووك مانگی 4/2022؛ نامه‌ی تایبه‌ت 2024.
ڕه‌نجده‌ر محموود ئه‌حمه‌د،1947. سلێمانی. ژیاننامه‌ی محموود ئه‌حمه‌د، نامه، ڕۆژی /9/5/2014 به‌ریتانیا).
فاتح ڕه‌سوڵ، بنچینه‌ی مێژووی بیرۆكه‌ی چه‌پ له كوردستان، چاپی دووه‌م، 2005. ل308.
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل309.
* له خۆشه‌ویستی مام هه‌ژار و بێكه‌سی شاعیر كه دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستی ئه‌و بوون، ناوی ئه‌و دوو شاعیره له كوڕه‌كانی ده‌نێت.
زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، دیمانه،1937، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند، ڕۆژی 14/8/2017. ڕواندز.
** سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د (1936 ڕواندز_6/4/1998 به‌ریتانیا) ئه‌ویش چیڕۆكنووس بووه و له گۆڤاره‌كانی هه‌تاو و شه‌فه‌ق و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وسا، به‌رهه‌می خۆی بڵاوكردۆته‌وه. سێ منداڵی له دوای خۆی جێهێشتووه؛ به‌ناوی (لانه و له‌نجه) و كوڕه‌كه‌شی (لاوك) نووسه‌ره‌و خاوه‌ن چه‌ند كتێبێكه.
لاوك سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د، نووسه‌ر، زانیاری و نامه، فه‌یسبووك، 2024.
هه‌ژار موكریانی، چێشتی مجێو‌ر، چاپی دووه‌م، 2007، ل126.
جمال نه‌به‌ز، بیره‌وه‌ریینامه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی جاره‌كی دیی ناگه‌ڕێنه‌وه، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی،2017، ل92.
10. هه‌ژار، ل90.
11. هه‌ژار، ل 96.
12. هه‌ژار، ل 121.
13. هه‌ژار، ل 110-111.
14. هه‌ژار، ل126.
15. هه‌ژار، ل126.
16. ممدوح مزوری، بنه‌ماڵانی به‌ناوبانگی ڕواندز، هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 1998، ل217.
17. ساڵح محه‌مه‌د ساڵح، ڕواندز و مێژوو و بیره‌وه‌رییه‌كان، كۆمه‌ڵگای فه‌رهه‌نگی ئه‌حمه‌دی خانی، سۆران، 2018، ل352.
18. لاوك سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د، دیمانه. 2024.
19. ڕه‌نجه‌ر، ژیاننامه‌ی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، نامه‌ی تایبه‌ت.
*** وه‌ختی خۆی مسته‌فابه‌گی میری سۆران، (فاتمه‌خان)ی كچی خۆی، ده‌كاته خوشكی پاشای گه‌وره، داوه‌ته كوڕی پاشای بابان، به‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو میرنشینه به‌هێزده‌بێت وسنووری ده‌سه‌ڵاتی سۆران تا نزیك دوكان دێ و له‌وێ قه‌ڵای پاشای گه‌وره‌ی لێیه. بڕوانه مێژووی میرانی سۆران.
20. زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، ڕۆژی 14/8/2017.
21. ڕه‌نجده‌ر. نامه‌ی تایبه‌ت.
22. ئه‌كره‌می مه‌حموودی ساڵح، شاری سلێمانی، به‌رگی دووه‌م، 1980، ل80 .
23. مارف ناسراو، له مێژووی كتێبخانه‌كانی سلێمانی 1900_1970. چاپخانه‌ی هه‌واڵ، 2000، ل46-47.
24. حه‌مه ڕه‌شید رواندزی، مه‌حموود محه‌مه‌د، كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌زنی گوومناو، فه‌یسبووكی تایبه‌تی خۆی 26/4/2024.
25. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل80 .
26. ڕه‌نجده‌ر، نامه.
27. مێژووی كتێبخانه‌ی گشتیی سلێمانی، ویكیپیدیا، Kurdipedia.org.
28. حوسێن عارف، چیڕۆكی هونه‌ری كوردی 1925-1960، چاپی یه‌كه‌م، به‌غداد، 1977.
29. عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی، لێكۆڵینه‌وه و بیبلیۆگرافیای چیڕۆكی كوردی1925_1969، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كوردی، به‌غدا، 1978.
30. سابیر ڕه‌شید، چیڕۆكی كوردی، ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه، ناوه‌ندی ئاوێر، چاپی دووه‌م، 2016، ل 18.
31. سابیر ڕه‌شید، ئه‌نتۆلۆجیای چیڕۆكنووسانی هه‌ولێر ل104.
32. ڕه‌نجه‌ر، نامه.
33. هه‌ژار، ل 125.
34. لاوك سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د، مه‌حموود محه‌مه‌د؛ پیاوێك پڕاوپڕ له‌جوامێری و  نیشتمانپه‌روه‌ری.
تێبینی: لە گۆڤاری ئارژین، ژمارە (٧)، زستانی٢٠٢٥، زانکۆی سۆران بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر : یاسین برایم رواندزی 

 
                       
                       
                       
                      