كورته‌ چیرۆك/ ئاوازه‌كانی دەرگای دیرۆک

0
كورته‌ چیرۆك / ئاوازه‌كانی دەرگای دیرۆک
ياسين برايم رواندزی
ماندوو، گەرما، نەشارەزایی شار، کاتی ئەوەش نەبوو بچمە ئوتێلێک، ڕاستییەکەی چ ئوتێلێکیشم پێنازانی، هەمووی دوو کاتژمێری دیکەی نەدەبرد، دونیا ڕووناک دەبۆوە. وای دابنێ ئەمشەو نەخەوتم، لە سەفەرەکە درەنگ گەیشتم. لە شەقامێک سەرکەوتم، تا بچمە ئەو باخچە بچکۆڵەیەی لە دەستەچەپی شەقامەکە بوو. لە دەروازەی باخچەکە، دەرگایێکی کۆنی دیرۆکی هەبوو. وەک ئاسەوارێکی دێرین دانادرابوو. دەرگاکە هی کۆشکە مەزن و کۆنەکەی نزیک دەرگایەکە بوو. کاتی خۆی لە لایەن بازرگانێکی ئەم شارە بنیاتنرابوو. دیوار و پەنجەرە و قەپەنگ و بەلەکۆن و دار و تەختەی جوان نەخشێنرابوو، مرۆڤ حەزی دەکرد لەبەردەم کۆشکەکە بوەستی. کۆشکێک، لە سەردەمێک، جێگەی میر و ئاغا و دەوڵەمەند و ناودارەکانی شار بوو، هاوڕێیەکەم، لەسەر کورسیەکی نێو باخچەکە، لێڕاکشا و نووست. منیش لەبەردەم دەرگا تەختەدارە و داکوتراو بە بزماری سەر مەزن وەستام، بیرم کردەوە، تۆ بڵێیی چەندین کەس لەم دەرگایە چووبنە ژوور و چەندی دیکە لە چاوەڕوانی کردنەوەی دابن، ئاخۆ چ بڕیارێک لە پشت ئەم دەرگایە درا بێت. دەبێ دارتاشەکە چەند پێوە ماندوو بووبێت. دەبێ پاسەوانەکان چەند گورجوگۆڵ و چاوکراوە، بە چەکەکانیان وەستابن و چ سام و ترسێکیان هەبووبێ. دەبێ خاوەنی کۆشکەکە چەند دڵی پێخۆش بووبێت. پرسیاری زۆر لەبەردەم دەرگایەکی گەورە و بەرز و قورس و ئەستوور، ڕەنگە بە (عیزەتوڵاهی جەهانگیری) پاڵەوان و زۆانبازیش هەڵنەستێت. دەرگایێک، گەورەیی و بوێری میرە ئەردەڵانییەکانی بۆ دەگێڕامەوە، سیما و بوێری میر هەڵۆ و بەگزادەکانی دەنواند. درز و قڵشتی نێوان تەختەکان، پەنجە ماندووەکانی کەمەندی و ڕووخسارە شیرینەکەی خالقی نیشاندەدا. لەگەڵ شنەی سپێدەدا، ئاوازێکی ناسک و خەمگین، وەک سەید عەلی ئەسغەری بەنێو دەرزەکان دەهات و دەچوو. دەنگی ناسکی سابووری و هاواری پڕ جۆشی غوڵامی و سەدای سروودی ڕەزازی، دار و بەردی بە ئاگا دێنا. دەنگە ناسک و ئەفسووناوییەکەی فەتانە و شەهێن، لەگه‌ڵ پەنجە زێرینەکانی تیپی کامگاران و عەندەڵیبی، ئاوێزانی جوانی و دەنگی باڵندەکانی ئاویەر دەبوون. باخەکەش، هێشتا بۆنی ئاهەنگەکانی زیرەک و کەمانچەی موجتەدای زادەی لێدەهات. دەرگایێکی دیرۆکی مەزن، سەدان ڕووداو و قارەمانیەتی مابوون، هێشتا مەڕدۆخی کوردستان، فریای نووسینەوەیان نەکەوتبوو. دەیان نوکتە و قسە خۆشەکانی عەلائدینی سوجادی لەپشت ئەم دەرگایە، مرۆڤیان دڵخۆش کردووە. لەلایەکی دەرگایەکەش، لە کەشکۆڵێکی گۆڵگوڵی بە زەنگیانە، دیوان و شیعرەکانی بێسارانی و مەلەکشا و پەناهی، عەتری شیعریان لێ دەچۆڕا. دەنگی شوکوروڵڵای بابان، کۆڕی دیوەخانی شیعری گەرم کردبوو. سەڵیقە و هونەرێکی گەورە و ئیستاتیکایێکی کەموێنە و نەبینرا و سەرنجڕاکێش، وەک پەیکەرە نایاباکانی هادی زیائەدینی، مرۆڤی دەهێنایە ئاخاوتن. هەر پارچە تەختەیێک، هی ئەوبوو، بە پەنجە زێرینەکانی محەمەد سابیری خۆشنووس، ناوی ئەستێرەکانی لەسەر تۆمار بکرێت. دەرگایەکە لە من ببووە ڕۆمانی شار، چیڕۆکەکانی سەمین چایچی. دەرگایێک لەبەردەمم، قیت و پڕ شکۆ، وەک گێڕەوەری هەموو شتزان، مێژووی شاری دەگێڕایەوه‌. لە پێش چاوم شێرە ژنێکی شار، چاڕوگەیێکی گوڵداری بۆنخۆشی لەسەرە و کتێبێکی لە ئامێزە، بەڕێزەوە سەیرم کرد و توانیم بە تیەچاو بەرگی کتێبەکە بخوێنمەوە، کە بە خەتێکی سوور، مێژووی میرانی ئەردەڵانی لەسەر نووسرابوو؛ هەر زوو تێگەیشتم ئەوە مەستۆرەخانمە و بە نهێنی هاتووتەوە شار. دەنگەدەنگی کۆمەڵە فەقێ و کتێب بەدەست لەپێش باخەکە تێپەڕین، دەیانوویست بچنە مزگەوتە کۆنەکەی شار و سه‌رێك له‌ (دارولئه‌حسان) بده‌ن. لە نێویان پیاوە نوورانییەکەم ناسی، شێخ محەمەدی مەڕدۆخی بوو، یەکێکی دیکەی بە جلی کوردی و جەستەیێکی لاواز لە هاوارکردن و یا ڕوونتر بڵێم، لەدەنگەکەی ناسیمەوە، پێشتر ئەم دەنگە بوێرەم لە کاسێت گوێ لێ بووبوو. ئەحمەی موفتی زادە، پڕ بە دەم هاواری دەکرد و قسە حەق و ڕاستی دەگۆت و داوای ماف و داخوازییەکانی کوردی دەکرد. تا دەهات دونیا ڕووناکتر دەبوو، کۆمەڵە گەنجێکی سەر بەکڵاو و چاویلکە لەچاو، کەوتنە جوڵە. کامێرا و کەلوپەلی هونەریان دامەزراند. هەر زوو ناسیمەوە، (بەهمەنی قوبادی و شەهرامی عالیدی)بوون، دەیانویست، فیلمێکی سینەمایی لەسەر ئەم دەرگایە دەربهێنن و لە فێستیڤاڵە گەورەکان، خەڵاتی پێ وەر بگرن. دڵم بەو کارە جوانەی ئەوان خۆش بوو. لە شەقامەکەی بەردەم باخچەکە، زیاتر جوڵەی تێکەوت، کوکوختییەکانی سەر پیرە دار سنەوبەرەکانیش دەهات و دەچوون. شار جمەی لێوەهات. کچێکی ڕووحسووکی دەم بەخەندە، کۆمەڵێک زارۆکی کوڕ و کچی لە دوای دەڕۆیشتن، هاتنە بەردەم دەرگایەکە و وتی: ئەم دەرگایە دەکەین بە تەختەڕەش و وانەی کوردیتان پێدەڵێم. خەریکی نووسینی پیتەکانی بوو، وشەی کوردستانی نووسی و پڕ بەدەم هاواری کرد و وتی: “کوردستان” زارۆکەکانیش بە دەنگی گەورە وتیانەوە: کوردستاااااااان!
لە ماوەیێکی کەم، باخەکە و شەقامی پێش باخەکە بوو بە ئاپۆڕا. ژن و پیاو، منداڵ و قوتابی، پۆلیس و ئاسایش، شەقامیان پۆشی. بوو بە فیکە، هاوار، چەپلە، سروود، بژی کورد، بژی کوردستان. دەیان دڕوشمی دیکە. من لەم دیمەنە حەپەسام، خەونە، خەیاڵە، ڕاستییە، یان فیلیمی سینەماییە. دەمویست لەپێش دەرگایەکە نەجوڵێم، چاویشم لە مامۆستا کچەکە بوو. کتێب و قەڵەمێکی لە دەست بوو، وانەی دەوتەوە. ئاپۆرای خەڵکەکە، لێكلێكه‌ وەک شەپۆڵی دەریا دەهات و دەچوون. دەستی ڕاستم تووند لە دەرگایەکە گرت، تا نەکەومە ژێر پێیان. مامۆستایەکە، ون بوو، قوتابییەکان (زارا، زارا، زارا)یان دەوت. هەر ئەوەندەم زانی لە چەند خولەکێک، پێش دەرگایەکە و باخەکە چۆڵبوو. بوو بە ڕێپێوان. نازانم لە هەڵاتن و هێڕشبردنیش دەچوو، خەڵک دەستیان ڕادەوەشاند و دڕوشمیان دەوتەوە. ناوی زارا محەمەدیان دەبرد، سەرکەوتن بەرە سەرەوەی شار. دەنگیشیان هەر زیاتر و گەورەتر دەبوو، چ هه‌راوزه‌نایه‌كی سه‌یربوو، بە تەنیا لە پێش دەرگایەکە مامەوە. وەک تارماییم لێهات. ون بووم، وەک چۆن ئاپۆڕاکە و زاراشم لێ ون بوو. لە نێو قووڵایی مێژووی شار و گەورەیی ئەم ئاپۆڕایە ون بووم. دەرگایەکەش لە پێش چاوم گەورەتر و پڕ شکۆتر دەبوو. تێگەیشتم لەم دەرگا مەزنە، وەک شار و خەڵکەکەی مەزن و خۆشەویستە. دەرگایەکە، وەک گومان و ڕاستی و جادوو، خۆی دەنواند. من وەک ڕێبوارێکی ماندوو و لە ماوەیێکی کورت بوومە هاوڕێی دەرگا و هۆگری بووم. دەرگای کتێبخانەیێکی لێکردمەوە و چووم بۆ قووڵایی مێژووی زەنگینی شار. بووم بە تارمایی و ڕووناکی، تەنیایی و ئاپۆرادا، لە نێو ڕاستی و خەون و خەیاڵ، ون بووم و خۆم نەدۆزیەوە. دەرگایەکە، گەورەتر دەبوو، منیش لەبەردەمی بچووک بوومەوە و بووم بە سەراب. بووم بە کلیلێک لەنێو قفلی دەرگایەکە بۆ هەتاهەتایە ون بووم و خۆم نەدۆزیەوە.
* لە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە(١٣٦٩)،١٢/١٢/ ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: ببورە بابەتەکە پارێزراوە