مامۆستای یه‌كه‌می قوتابخانه‌ی ڕوشدیه
عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی،مامۆستای یه‌كه‌می قوتابخانه‌ی ڕوشدیه له ڕواندز و هه‌ولێر
یاسین برایم
كه‌سایه‌تییێكی دیار، له بنه‌ماڵه‌یێكی ئایینی قه‌زای ڕواندز و كوردستان له بواری زانست و په‌روه‌رده و فێركردن، خزمه‌تێكی زۆری كردووه به‌تایبه‌تی له دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی ڕوشدیه له ڕواندز و هه‌ولێر له ساڵی 1868 وه‌ك مامۆستای یه‌كه‌م ناوی هه‌یه. له ساڵنامه‌ی موسڵ و به‌غدا و به‌ڵگه‌نامه‌ی عوسمانییه‌كان و سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان، كاتێ باس له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی ویلایه‌تی موسڵ، ناوی ئه‌و مامۆستایه به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش مامۆستا عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندییه. كوڕی زانا و موفتی و كه‌سایه‌تی دیاری عێراق و میرنشینی سۆران (مه‌لای خه‌تێ)یه. عه‌بدولحه‌كیم ” محه‌مه‌د كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌د كوڕی عه‌بدولڕحمان كوڕی ئیسماعیل كوڕی سلێمان(1))ه. له شاری ڕواندز له‌دایكبووه، ڕه‌نگه هه‌ر له‌و شاره‌ش خوێندنی ئایینی خوێند بێت، ساڵی له‌دایكبوونی دیار نییه، به پێی ئه‌وه‌ی باوكی “مه‌لای خه‌تی له ساڵی 1225 كۆچیدوایی كردووه، یه‌كێك بووه له زانا به‌ناوبانگه‌كان(2) ” مه‌مدوح مزوری، ده‌ڵێت: “مه‌لای خه‌تێ له‌ده‌وروبه‌ری 1850 له ڕواندز كۆچیدوایی كردووه له گه‌رده‌گه‌رد نیژراوه(3)”. عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی به نزیكه‌یی له سه‌رده‌می پاشای گه‌وره(1813_1838) له‌دیكبووبێت. باوكیشی له ساڵانی سیی و چله‌كانی سه‌ده‌ی نوزده‌یه‌م مردبێت، كه له‌ته‌مه‌نیی پیریدا بووه. به پشتبه‌ستن به چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یێكی سه‌رده‌می عوسمانییدا، هه‌ندێ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م مامۆستایه ده‌خه‌ینه ڕوو. له به‌ڵگه‌نامه‌یێكی عوسمانیی كه به‌ژماره [408.54 .mf.mkt, له 5ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌م 1316] تۆماركراوه” مامۆستای پله یه‌ك عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی له مه‌كته‌بی ڕوشدیه له هه‌ولێر له باره‌ی خانه‌نشینی ڕه‌زامه‌ندی نه‌دراوه / 28ی نیسان/ 1312(4) “
له نووسراویكی دیكه، تۆماركراوه به ژماره [344.6 MF,MKT , 5ی ڕه‌مه‌زان 1313] بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مه‌عاریفی موسڵ كراوه، تێدا هاتووه “مامۆستای پله یه‌كی ڕوشدیه له هه‌ولێر حه‌زده‌كات خانه‌نشین بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داواكاری پیشكه‌ش كردووه. ئه‌مر و فه‌رمان بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه فه‌رمان ده‌رده‌كات. له 5ی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز 1313 و 26ی كانوونی دووه‌م 1312.
محه‌مه‌د تۆفیق، بریكاری به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌عاریفی موسڵ(5)”. به پێی ئه‌و نووسراوه‌ی مامۆستا عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی به خه‌ت و ئیمزا و مۆری خۆی نووسیووه” كه بۆ نه‌زاره‌تی مه‌عاریفی ناردووه و ده‌ڵێت: “له میژووی 85* تا ئێستا كه نزیكه‌ی 30 ساڵه به پیشه‌ی وتنه‌وه‌ی وانه خزمه‌تم هه‌یه له ناو ویلایه‌تی موسڵ، قه‌زاكانی ڕواندز و هه‌ولێر له مه‌كته‌به‌كانی ڕوشدییه به مامۆستای پله یه‌ك له پیشه‌كه‌م به‌رده‌وام بوومه و خزمه‌تم كردووه، به هۆی ته‌ندروستی له ساڵی 1312 داوای خانه‌نشینیم كردووه، بۆیه له ئه‌نجوومه‌نی ته‌ندروستنیش به پێی ڕاپۆرتی ته‌ندروستی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نێردراوه‌ته نه‌زاره‌تی خانه‌نشینی، ئه‌م نموونه‌یه‌ی كه بۆ وه‌زاره‌تی خانه‌نشینی نێردراوه له‌گه‌ڵ ڕاپۆرتی ته‌ندروستی وه‌كوو یه‌ك نییه، بۆیه دووباره داوای پشكنینی ته‌ندروستیم لێكراوه. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناو قه‌زای هه‌ولێر پزیشك نییه، پێویست ده‌كات بچمه مه‌ركه‌زی ویلایه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی، دووباره پشكنینم بۆ بكرێته‌وه، چونكه له‌سه‌ر كاره‌كه‌ش مۆڵه‌تم پێ ناده‌ن. پێویست ده‌كات كه‌سێك له شوێنم دابندرێت تا له موسڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه. ئه‌مر و فه‌رمان بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه كه فه‌رمان ده‌رده‌كات. 23ی تشرینی دووه‌م 1313.
داواكار/ مامۆستای مه‌كته‌بی ڕوشدیه/ هه‌ولێر. مۆری عه‌بدولحه‌كیم.(6)”
له‌م داواكارییه چه‌ند ڕاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گری تێدایه. ناوبراو ته‌ندروستی باش نه‌بووه و له‌ته‌مه‌نی پیرییدا بووه، نزیكه‌ی 30 ساڵ خزمه‌تی هه‌بووه. به‌و پێیه‌ی داواكارییه‌كه له ساڵی خوێندنی 1894_1895 نووسراوه. ئه‌و میژووه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میژووی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی ڕوشدیه له هه‌ولێر و ڕواندز ساڵی 1868. به‌هۆی نه‌بوونی پزیشك و ڕاپۆرتی ته‌ندروستی و مۆڵه‌ت پێ نه‌دان و دووری هه‌ولێر له موسڵ له‌م داواكارییه به‌دێده‌كرێت. له نووسراو و به‌ڵگه‌نامه‌كان زۆر شتمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م خانه‌نشین بوونه. ئه‌مه له به‌ڵگه‌نامه‌ی[466.29 MF.MKT, 18ی سه‌فه‌ر1318] تۆماركراوه. هه‌روه‌ها له نامه‌یێك بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆفیسی دواناوه‌ندی له ویلایه‌تی موسڵ، ده‌ڵێت: “له مێژووی 16ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی3151 ژماره(3) وه‌ڵامی داواكارییه له‌باره‌ی گۆڕینه‌وه‌ی شوێنی مه‌كته‌به‌كانی ڕوشدیه، كه‌وا ناكرێت، مامۆستای ڕواندز، ئه‌سعه‌د ئه‌فه‌ندی كه ناوی تۆماركراوه كه‌چی له خزمه‌تی ناوبراو عه‌لی ئه‌فه‌ندی له شوێنی ئه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له مێژووی 4ی تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 1315 كه ناوبراو بوونی نییه، به‌ڵام له داواكاری مێژووی 16ی كانوونی یه‌كه‌م 1315 عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی مامۆستای مه‌كته‌بی ڕه‌شدیه له كاغه‌زی ناوبراو كه ناردوویه‌تی له ئه‌نجوومه‌ن باس ده‌كرێت (7) “. هه‌ر ئه‌و نووسراوه كه بۆ نه‌زاره‌تی مه‌عارفی گشتیی ناردراوه به مۆری ( محه‌مه‌د تۆفیق_ به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌كته‌بی دواناوه‌ندی له وه‌كیلی به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌عارفی موسڵ) ئه‌وها باسكراوه: “…. له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكاری قه‌ده‌غه‌كراو مامۆستاكانی هه‌ولێر و ڕواندز گۆڕینه‌ویان ناگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مامۆستای ڕواندز به‌ناوی ئه‌سعه‌د ئه‌فه‌ندی تۆماركراوه، كه‌چی له شوێن ئه‌و عه‌لی ئه‌فه‌ندی به‌كار ده‌هێندرێت. هه‌روه‌ها مامۆستای هه‌ولێر (عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی) له نووسراوی ناوبراو فه‌رمان و ڕه‌زامه‌ندی دراوه. هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی مامۆستای ڕواندزه له مه‌كته‌بی خودنجود و موفتی خانه‌ی قه‌زای ڕواندز دامه‌زراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كوو موفتی ئه‌ندامه له ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی قه‌زا. ناتوانێ له مه‌كته‌ب درێژه به‌كاره‌كه‌ی بدات، بۆیه له شوێنی ئه‌و شێخ عه‌لی داندراوه. هه‌روه‌ها له فه‌رمانی عالی له نه‌زاره‌تی په‌ناهی ژماره 3 له میژووی 8ی شوبات 1309 ڕه‌زامه‌ندی دراوه. فه‌رمان بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه كه فه‌رمان ده‌رده‌كات له 16ی جه‌مادی 1317 و 9ی تشرینی یه‌كه‌م 1315(
“. خانه‌نشینه‌كه‌ی زۆری خایاندووه، زۆر هات و چوونی پێكراوه. شوێنی ده‌وامكردنی به‌زۆری هه‌ولێر و ڕواندز بووه. به پێی ساڵنامه‌ی ویلایه‌تی به‌غدا هاتووه له ساڵی 1875 له ڕواندز مامۆستا بووه(9). هه‌روه‌ها له ساڵانی خوێندنی ” 1890، 1894 و (1898_1899) و (1899_1900) و (1900_1991) و (1901_1902) له شاری هه‌ولێر مامۆستابووه(10). ڕه‌نگه ساڵانی پێشووش له ڕواندز بوو بێت. واته له‌و دوو شاره له ده‌سپێكی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ڕوشدیه و 1868 تا 1902 به‌رده‌وام بووه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن.

له‌سه‌ر جۆری خوێندن و بڕوانامه و شوێن و مامۆستایه‌كانی، زانیاریمان به‌رده‌ست نه‌كه‌وتووه. ڕه‌نگه له به‌ڵگه‌نامه و ئه‌رشیفی عوسمانییه‌كان، زانیاری له‌سه‌ر ژیان و خوێندن و بڕوانامه‌ی هه‌بێت، چونكه ئه‌و زیاتر له 30 ساڵ خزمه‌تی بواری په‌روه‌رده و فێركردنی كردووه. بێجگه له‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤه ناوێكی دیاری په‌روه‌رده‌یه، منداڵه‌كانیشی درێژه به‌و پرۆسه‌یه ده‌ده‌ن و له بواری زانست و خوێندن و خزمه‌تكردنی ئایین و كاری وه‌زیفیدا، پله و به‌رپرسیارییه‌تی گه‌وره وه‌رده‌گرن. ته‌نانه كوڕه‌كه‌ی له به‌ڵگه‌نامه‌یێكی عوسمانیی ئه‌وها ناوی هاتووه. “محه‌مه‌د خورشید له مه‌كته‌بی ڕوشدییه‌ی هه‌ولێر به به‌رزترین پله له 16ی ته‌مووز 1312 بڕوانامه‌ی وه‌رگرتووه (11)”.
عه‌بدولحه‌كیم مامۆستای ڕوشدیه بوو له ڕواندز له ساڵی 1322 كۆچیدوایی كردووه، محه‌مه‌دئه‌مینی ئه‌فه‌ندی كوڕی موفتی بووه له ڕواندز و خورشیدبه‌گ له ساڵی 1325 ده‌رچووی یاسابوو له ئه‌سته‌نبۆڵ و پاشان له زۆر شوێنی دیكه وه‌زیفه‌ی وه‌رگرتووه(12). عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی(**) له هه‌ولێر مردووه و گۆڕه‌كه‌شی هه‌ر له‌وێیه. له دوای مردنی ئه‌ویش، كوڕه‌كه‌ی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. “له ساڵی 1902 مامۆستای یه‌كه‌م، عه‌بدولحه‌كیم كۆچیدوایی ده‌كات، كوڕه‌كه‌ی ئه‌مین ئه‌فه‌ندی كه شاره‌زایی خۆی له تاقیكردنه‌وه‌كه سه‌لماند، ده‌ستنیشانكرا و فه‌رمانی پێدرا بۆ ئه‌و كاره و ڕۆیشت بۆ شوێنی كاره‌كه و ده‌ستبه‌كار بوو(13)”. ده‌رباره‌ی هه‌بوونی نووسین و ده‌ستنووس، وه‌ك یه‌كیك له نه‌وه‌كانی ده‌ڵێت: ” زانایه‌كی گه‌وره بووه و زۆر ڕۆشنبیر بووه له بواری شه‌رع و ئایین و په‌روه‌رده، هیچ شتێكمان نه‌بینووه و لامان نییه، ته‌نانه‌ت خورشیده‌فه‌ندی باپیریشم شتی وه‌های له‌پاش به‌جی نه‌ماوه(14)”.
بنه‌ماڵه‌ی (خه‌یلانی و مه‌لای خه‌تێ) وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ماڵه مه‌لایانی ڕواندز ناسراون، له‌سه‌رده‌می پاشای گه‌وره، چه‌ندان زانا و عه‌لامه و مه‌لای گه‌وره‌یان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه و حوجره و مه‌دره‌سه و مزگه‌وتی ئه‌وان له فه‌قێ و مه‌لایان جمه‌یان هاتووه و گه‌لێ زانا و شاعیر و كه‌سایه‌تیی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان په‌روه‌رده‌كراون و پێگه‌یشتوون. هه‌ركاتێ باس له بواری خوێندنی ئایینی بكرێت له شاره‌كه، ئه‌وا ماڵه‌مه‌لایه‌كان(***) به‌شی شێریان به‌رده‌كه‌وێت. بۆیه مامۆستا عه‌بدولحه‌كیمیش په‌روه‌رده‌ی نێو ئه‌و خێزان و بنه‌ماڵه و شاره ڕۆشنبیرو ناوداره بووه و بۆیه چرای زانستی ئه‌ویش هه‌میشه پرشه‌نگداربووه.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان
1. حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا، مه‌لای خه‌تێ له نێوان حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵدا، ماڵپه‌ری مێژووی كورد، 28/3/2018.
2. محمد علی القرداغی، ورود الكرد فی حدیقه الورود، دار ئاراس للطباعه و النشر، الطبعة الثانية، اربیل، 2007، ص220.
3. مه‌مدوح مزوری، بنه‌ماڵانی به‌ناوبانگی ڕواندز، هه‌ولێر، 1998، ل30.
4. د. نه‌وزاد یه‌حیا باجگر، هه‌ولێر له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، ل281.
5. د. نه‌وزاد یه‌حیا باجگر، هه‌ولێر له به‌لگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا، به‌رگی دووه‌م، 1918، ل209.
6. هه‌ولێر له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا، به‌رگی یه‌كه‌م، ل266.
7. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل302.
8. هه‌مان سه‌رچاوه، ل302.
9. فاضيل بيات، الموسسات التعلیمية المشرق العربي العثماني، استانبول, 2013, ص271.
10. مهدی محمد قادر، التعلیم فی جنوب كوردستان في العهد العثماني الاخير 1869_1918, اربيل, الطبعة الاول, 2021, ص 141_142. فاضيل, 270_271.
11. هه‌ولێر، به‌رگی یه‌كه‌م، ل355.
12. محمد علي القرداغي، ص 220.
13. مهدی محمد قادر، ص 141.
14. سهیله زیائه‌دین خورشید، مامۆستای خانه‌نشین، 1946، هه‌ولێر، نامه، 2022.
* مه‌به‌ستی ساڵی 1285ه.
** له‌وسه‌رده‌مه كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی به‌ناو بانگ به‌ناوی (مه‌لا عه‌بدولحه‌كیم)ی ماڵه مه‌لایان له گوندی ئاكۆیان_ڕواندز هه‌بووه، باوكی مه‌لا‌تاهێره كۆر، باپیری (مامۆستا حه‌كیم تاهێر).
*** له گوندی (ئاكۆیان)ش، ماڵه مه‌لا هه‌یه و میژووه‌كه‌یان له هی ڕواندز كۆنتره و مه‌لا و زانای گه‌وره‌یان ێیدا هه‌ڵكه‌وتووه و تا ئیستاش مه‌لای لێ نه‌براوه.
تێبینی: ڕه‌چه‌ڵه‌كی بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدولحه‌كیم ئه‌فه‌ندی له لایه‌ن مامۆستا (سهیله زیائه‌دین خورشید ئه‌فه‌ندی عه‌بدولحه‌كیم) وه‌رگیراوه.