کەسایەتییێکی ڕواندز، لە بەڵگەنامەیێکی عوسمانیدا

0

لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی، زۆر کەسایەتیی ڕواندزی بوونیان هەیە، لە پلەی گەورەی وەزیفی دابووینە، لەم نووسینە ناوی سێ (عەبدڵڵا) دێنین. لەوانە (عەبدوڵڵا پاشا ڕواندزی، عەوڵای پاشای باتاسێ)، باپیری ئیسماعیل بەگی ڕواندزی، فەرمانبەرێکی زیرەک و شارەزا و دەوڵەمەند، خاوەن زەوی و زارێکی زۆر لە ڕواندز و دەشتە دیانا و هەریر و باتاس. عەبدوڵڵا موخلیس بەگ، هەمیشە لە پلەی وەزیفی گەورە دابووە،  شارەزا لە کاروباری کارگێڕی و یاساناسێکی لێهاتوو، لەدەستەی دامەزراندنی نووسینەوەی دەستووری عێراق لەگەڵ بووە، پەرلەمانتارێکی بەناوبانگ بووە، لە ١٩٢٥ پەرلەمانتاری عێراق بووە. لە زۆر شاری کورستان، قائیمقامیەتی کردووە. عەبدوڵڵا ئەفەندی، ئەویش وەک سێیەم عەبدوڵڵا، بە خوێنەرانی دەناسێنین.

هیوادارم ئاوڕێک لە کەسایەتیی و فەرمانبەرە لێهاتووەکانی دیکەی قەزای ڕواندز بدرێتەوە و ئەوانەی  لە پلەی وەزیفی دابوون و سنووری وڵاتی خۆیان بڕیووە، لەسەردەمی عوسمانییەکان بەناوبانگ بوون. ئەو بەڵگەنامەیە لە ساڵی(١٣٠٤) نووسراوە؛ باسی عەبدوڵڵا ئەفەندی ڕواندزی دەکات. – عەبدوڵڵا کوڕی بەکر بەگ (عەبدوڵڵا ئەفەندی). – لە ١٢٥٨ مانگی شەواڵ لە ڕواندز لەدایکبووە. لە مەکتەبەکانی سبیان. وانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی خوێندووە، توانای نووسین و خوێندنەوەی هەبووە. –

لە تەمەنی(٢٣) ساڵیدا لە دەستەی موتەسەرفی قەزای ڕواندز لە ئەندامێتی ئەنجومەنی گەورە دامەزراوە. – لە تەمەنی (٢٨) ساڵی بە مووچەی(٧٥٠) قوروش دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی باڵەک. – لەتەمەنی (٣١) دەبێێ، ساڵی ١٢٨٨ دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی برادۆست. – لە ١٢٩٤ بەمووچەی (٩٠٠) قوروش، دەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی دێرە هەریر. – ساڵی ١٢٩٧ دەبێتە قائیمقامی قەزای ڕانیە، مووچەکەی دەبێتە (١٢٥٠) قوروش. دواتر بە مووچەی (١٧٥٠) قوروش، گواستراوەتەوە بۆ قائیمقامیەتی قەزای هەولێر.. – ئەو پیاوە مەزنە لەکاتی کاری وەزیفیدا، لە گواستنەوە و پلە بەرزکردنەوەدا، هیچ هەڵە و گەندەڵیێکی نەکردووە و هەموو نووسراوەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە. کۆتایی بەڵگەنامەکە ئەو زانیارییانەی تێدایە. (د. نەوزاد یەحیا باجگر، هەولێر لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، هەولێر، ل١٢٨-١٢٩). – ئەگەر بە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا بچینەوە، ناوی ئەو پیاوە دەبینین و لەسەر نووسراوەکان هەیە. تێبینی: داوا لە خوێنەران و ڕواندزییەکان دەکەم، ئەم کەسایەتییە باپیری کێیە؟ زانیاری زێدەتر لەسەر کار و پیشە و منداڵ و نەوەکانی بنووسن. تا ناوی ئەو کەسایەتییە مەزنانە ون نەبن.

یاسین برایم رواندزی

کەسایەتییێکی ڕواندز، لە بەڵگەنامەیێکی عوسمانیدا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

error: ببورە بابەتەکە پارێزراوە